زیرەکی چیە ؟!

ووشەی زیرەکی زۆر بە چڕی لە لایەن خەڵکەوە بەکاردەھێنرێ تا ڕادەی ئەوەی یەکێک بێت لە وشە ڕۆتینییەکانی ژیان، بەڵام لە ڕاستیدا وشەی زیرەکی وشەیەک نیە بە ئاسانی پێناسە بکرێ تەنانەت لە نێو پسپۆڕانی بوارەکەشدا ناکۆکی ھەیە لە چۆنیەتی پێناسەکردن و دیاریکردنی خەسڵەتەکان، بەڵام ئەو ڕەفتارە چیە کە پاڵنەر و دەرھاوێشتەی زیرەکییە؟ بە شێوەیەکی گشتی بنەڕەتی ڕەفتاری زیرەکانە بریتیە لە ئیبستیمۆلۆژیا یاخود زانیاریەک، ئەشێ زانیاریەکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەدەست ھاتبێ، یەکێک لە ھۆکارەکانی بیرھاتنەوەی زانیاریەکان بریتیە لە جێبەجێ کردنی ئەو زانیاریانەی کە لە ڕابردوودا فێری بوویت لەسەر بارودۆخی ھەنوکە، ئەم پڕۆسەیەش پێی دەوترێتوانای گواستنەوەی زانیاری یان گشتاندن، توانای گشتاندنی ھەندێک کەس لە ھەندێک کەسی تر زیاترە بەمەش وا دەرئەکەوێ ئەو کەسەی توانایەکی گەورەی لەو بوارەدا ھەیە لەو کەسە زیرەکتر بێ کە ڕێژەیەکی گەورە لەو توانایەی نیە.
ڕوویەکی تری زیرەکی و ڕەفتاری زیرەکانە بریتیە لە خێرایی گەیشتن بە وەڵامدانەوە یان چارەسەری کێشە، بەڵام چۆن چارەسەری کێشە و گرفتەکان. ئەکەیت کە دێتە بەردەمت؟ پێویستە سەرەتا بەتەواوی لە سروشتی کێشەکە ئاشنابی پاشان شیتەڵی بکەیت و بەدوای ئەڵتەرناتیڤ بگەڕێیت ئینجا ئەو زانیاریەی کە دەیزانیت بەسەر کێشەکەدا جێبەجێی بکەیت لە کۆتاییدا بڕیاری لەبارەوە بدەیت و چارەسەرەکەی پێشکەش بکەیت، ئەم کردارانە لە چوارچێوەی نەخشەیەکی تێر و تەسەلی پێکەوە گونچاوی ھاوسەنگدا دەبێت، ئەمانەی ئاماژەمان پێدان کورتەیەکە لە شێوەی سەرەکی ڕەفتاری زیرەکانە.
لە سەدەی نۆزدە ، لێکۆڵینەوە و ھەوڵەکان بۆ دیاریکردنی خەسڵەتی زیرەکی لەمیانەی ڕەفتاری زیرەکانە دەستی پێکردووە، ئەویش لەسەر دەستی فهیلهسوف و نووسهر ھێربێرت سپێنسر - herbert spencer ی بهریتانی خاوەنی پەرتووکی بنەماکانی دەروونناسی The principles of psychology کە لە ساڵی 1855ز بڵاوکرایەوە، ھەروەھا فرانسیس گاڵتن - francis galton بهریتانی کە پەرتووکی بلیمەتی بۆماوەیی Hereditary Geniusنوسیوە لە ساڵی 1970ز بڵاوکرایەوە و بە گرنگترین کتێب دادەنرێت لەم بوارە. ئەم دوو نوسەرە بڕوایان وابوو فاکتەرێکی گشتی ھەیە بۆ بۆ زیرەکی، ئەو فاکتەرە پەیوەندی بە ھەموو ئەو توانایانەوە ھەیە کە مرۆڤ خاوەنیانە بەڵام لە ھەمووشیان گرینگتر، یەکێک لە بەناوبانگترین زانایە بەراییەکانی زانستی ئامار و دهروونیچارلز سبێرمان - charles spearman ھەستا بە واتا و ئامار ئەو تیۆریەی سەلماند، یەکێک لە پڕ بایەخترین کارەکانیشی بریتیە لە کتێبی سروشتی زیرەکی و بنهماكانی درککردن The Nature of Intelligence and the principles of cognition کە لە ساڵی 1923 بڵاوکرایەوە، ھەروەھا پەرتوکی سروشت و پێوانەی تواناکانی مرۆڤ Abilities of man their nature and measurement کە لە ساڵی 1932 بڵاوکرایەوە.
ھێربێرت سپێنسر - herbert spencer

فرانسیس گاڵتن - francis galton

چارلز ئەو ڕێچکەیەی بەرەو پێشەوە برد کە ناسراوە بە شیکاری فاکتەری و ئەو ڕێچکەیەشی پڕاکتیزەکرد بەسەر تاقیکردنەوەکانی زیرەکی، لە ئەنجامدا بۆی دەرکەوت زیرەکی خاوەنی دوو فاکتەرە: یەکەمیان فاکتەری گشتی کە فاکتەری بەرجەستە و ھەرە پێویستە بۆ ھەموو جۆر و ئەرکەکان، دووەمیان فاکتەری تایبەتی کە دەگونجێ زیاد لە فاکتەرێک بێت ئەم فاکتەرەش بەشێک لە ڕەفتارە زیرەکەکان پێکدێنێ. سۆرستۆن لە کتێبەکەیدا بە ناوی شیکاری فرەفاکتەر: پێشخستن و فراوان کردنی ڕووگەکانی مێشک Multiple factor analysis: A development and expansion of the vectors of mind کە لە ساڵی 1924 بڵاوکراوەتەوە، حەوت توانای بنەڕەتیمان پێ دەناسێنێ وەک بەشێک لەوەی ناوی ناوە (بونیەی سادە) ئەم حەوت توانایەش بریتین لە (توانای بۆشایی، توانای دەرک، توانای ژمارەیی، واتای زارەکی، پاراوی و بێ گرێی زار، یادەوەری و ئەنجامگیری ھاندەرانە) لە دوایشدا توانای ھەشتەمی بۆ زیاد کرد کە بریتیە لە (توانای بزوێنەر) لای منداڵان، بەڵام ئەم زانایە بڕوای نەبوو بە فاکتەرێکی گشتی تێبینی کراو بەشێوەیەکی بەردەوام، دواتر زانای بەناوبانگ گیلفۆرد لە کاتی کارکردنیدا لەسەر (بونیەی زیرەکی) باس لە ھەبوونی سێ گروپی گەورە لە توانای مرۆیی و 120 توانای تایبەت پێکەوە پەیوەست دەکا کە ئەمانەش ھیچ نین جگە لەو تیۆرانەی سەبارەت بە زیرەکی و قەوارەی زیرەکی کە پێشکەش کراون.
ھەرچەندە کۆدەنگیەکی گشتی نیە سەبارەت بە پێناسەیەکی دیاری کراو بۆ چەمکی زیرەکی بەڵام زۆر ڕووکاری کۆدەنگی سەبارەت بە سروشتی زیرەکی گشتی لە ئارادایە ئەویش لە ڕێگەی تاقیکردنەوە جۆر بە جۆرەکان، لە سەرەتاوە دەبێ بڵێین توانایەکی گشتی ھەیە بەسەر زیرەکیدا، ئەو توانا یان ڕەفتارە گشتیە لە زۆرینەی ھەڵوێستەکانی دی بە بایەخترە، لە دوای ئەوە کۆمەڵەی دووەمی ڕەفتارەکان دێت ئەم جۆرە ڕەفتارەش لە زۆرێک لە ھەڵوێستەکان بەکاردەھێنرێ ھەرچەندە بایەخی کەمە، دوجار کۆمەڵێ زۆر توانای بچوک و سنوردار ھەیە کە خاوەنی تایبەتمەندی زیاترن و بایەخیشیان لە ھەندێ ئەرک دەرەکەوێ، لە کۆتاییدا فاکتەری گشتی و کۆمەڵە گەورەکەی ڕەفتار و کۆمەڵە بچوکەکەی ڕەفتار و توانا تایبەتیەکان تێکەڵی یەک دەبن و کارلێک دەکەن، زۆرێک لەو ئەرکانەی ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبێتەوە پێویستی بە زیاد لە توانا و پتر لە ڕەفتارێک ھەیە لە یەک کاتدا، سروشتی ئەو ڕەفتارانە ھەرچۆنێک بن، گشتی یان تایبەت، ھەر لە ئەقڵەوە سەرچاوە دەگرێ ھەمووشیان پەیوەستن بە چۆنیەتی شێوەی کارکردنی مێشکی مرۆڤ
0 التعليقات:
إرسال تعليق