جیهان

کابالاو ئۆکەلتیزم

ناوداران

يتم التشغيل بواسطة Blogger.
الأربعاء، 7 سبتمبر 2016

ئه‌و زانایه‌یی كه‌ نه‌ژیا ' ئيڤارێست گالۆس '

ئێڤارێست گالۆس زانایەکی ماتماتیکی فەڕەنسییە و لە 25 ئۆکتۆبەری 1811 لە (بورگ-لا-رین) ی فه‌ڕه‌نس لە دایکبووە ، باوکی ئەندامی پارتی کۆماری و سەرۆکی حیزبی لیبڕاڵی (بورگ-لا-رین) بووە ، لەدوای گەڕانەوەی ( لویسی ھەژدە ) بۆ سەر تەخت ، باوکی بویە سەرۆک شارەوانی شارۆچکەکەی ، دایکیشی کچی یاساوانێک بوو ، لاتینی بە ڕەوانی دەزانی و ئەدەبی کلاسیکی دەخوێند ،بەدرێژایی 12 ساڵی تەمەنی گرینگی بە ئێڤارێست داو فێری خوێندنەوەی کرد . لە تەمەنی 10 ساڵیدا ، شوێنێکی پێدرا لە کۆلێجی (ریمس) ، بەڵام باوکی ڕەتیکردەوە و پێی باشبوو لە ماڵ بمێنێتەوە. لە ساڵی 1823 چویە قوتابخانەی ناوەندی (لویسی گەورە) ، سەرەڕای چەندان ئاژاوە لەو قوتابخانەیە کە بۆیە ھۆی  دەرکردنی سەدان قووتابیی ، بەڵام ئیڤارێست توانیی چالاكی باش پێشکەش بکات لە دوو ساڵی سەرەتاییدا ، یەکەم خەڵات وەرگرێت لە فێربوونی لاتینیدا. کاتێک تەمەنی بویە 14 ساڵ  بێزاربوو لە خوێندن و  تا دەھات زیاتر ئارەزووی خوێندنی ماتماتیکی ئەکرد .



‌ کتێبێکی ماتماتیکزان ( ئادریان ماری ) دەستکەوت بەناوی  ( توخمەکانی ئەندازەزانی ). ئێڤارێست کتێبەکەی  وەک بڵێی ( ڕۆمان ) دەخوێنێتەوە و بەتەواوەتی لێی شارەزابوو . لە تەمەنی 15 ساڵیدا دەیتوانی کتێبی گەورە زانایانی ماتماتیک بخوێنێتەوە و لێیان تێبگات وەکو ( نێڵس ھنریک و جۆزێف لاگرانج ) .

لەساڵی 1828ز ، تاقیکردنەوەیەکی کرد تاوەکو لە پۆلۆتەکنیکی École وەرگیرێت ، کە بەناوبانگترین پەیمانگابوو ئەوکات بۆ خوێندنی وانەی ماتماتیک لە فەڕەنسا ، بەبێ ھیچ خۆ ئاماددەکردنێک بۆ وانەی ماتماتیک ، و ناڕوونی ئەو ڕوونکردنەوانەی ھەبوون لەبارەی تاقیکردنەوەی زارەکی  ، وایکرد ئێڤارێست بکەوێت لەو تاقیکردنەوەیە. لەھەمان ساڵدا ، چویە قوتابخانەی École Normale  کە قوتابخانەیەکی ئاست نزم بوو بۆ خوێندنی ماتماتیک ،لەوێ چەند پرۆفیسۆرێکی ناسی دڵسۆزی بوون. لە ساڵی دواتر ، ئێڤارێست یەکەم پەڕەی نووسی لەسەر ( کەرتی بەردەوام - Continued Fractions ) و بڵاویکردەوە . ھەر لەھەمان ماوەدا دەستیکرد دۆزینەوەی بنەڕەتەکانی ( بيردۆزی ھاوکێشەی ڕادەدار -  Theory of Polynomial Equations)  ، و دوو پەڕەی پێشکەشی ئاکادیمیای زانستی کرد لەو بارەیەوە . ( ئۆگەستین لویس - Augustin Louis Cauchy ) کە سەپەرشتی ئەو پەڕانەی دەکرد ، بەڵام ڕەتیکردەوە قایل بێت بە بڵاوکردنەوە لەبەر ھەندێک ھۆکار کە تائێستاش ڕوون نیە. ھەرچۆنێک بێت ، لەگەڵ ئەوەش کە قایل نەبوو ، بەڵام ئۆگەستیین دەیزانی ئەم کارەی ئێڤارێست چەند گرینگە ، ئەو تەنھا پێشنیاری یەکێک لەو دوو پەڕانەی کرد تا بەشداری پێبکرێت لە کێبڕکێی خەڵاتی گەورەی ئەکادیمیا بۆ ماتماتیک. ئۆگەستین یەکێک بوو لە زانا ماتماتیکیە شکۆمەندەکانی ئەو سەردەمە بەڵام بەھۆی بیروڕای سیاسیەوە کە لەبەرەی دژی گالۆس و باوکی بوو ، وای گومان برد کارەکەی گالۆس براوە دەبێت.



لە 28 جوڵای 1829 ، باوکی ئێڤارێست خۆی کوشت . چەند ڕۆژێک دواتر گالۆس بۆ جاری دووەم ھەوڵیدا تا لەو پۆلیتەکنیکیە وەرگیرێت ، بەڵام دووبارە شکستی هێنایه‌وه‌ . گومانی تیانەبوو کە ئێڤارێست خۆی ئاماددەکردبوو ، ھۆکاری کەوتنەکەشی چەندان بۆچوون و لێکدانەوەی بەدوای خۆیدا ھێنا ، یەکێک لە بۆچونە باوەکان دەیووت کە ئێڤارێست لەکاتی تاقیکردنەوەکەدا چەندا ھەنگاوی لۆجیکی پەڕانووە و بەشێوازێک پرسیارەکانی شیکارکردبوو کە تەواو جیاوازبوو لەوەی مامۆستاکان دەیانزانی و بەتەواوی تووشی شۆکی کردبوون و تێنەئەگەیشتن ، بۆیە خستیان. وە بۆچوونێکی دیش ھەیە دەڵێت کاریگەری مردنی باوکی لەسەربووە.

دوای ئەوەی نەیان ھێشت جارێکی دی تاقیکردنەوەی پۆلیتەکنیکی بکات ، ئێڤارێست دەستی دایە تاقیکردنەوەی بەکالۆریۆس  بۆ ئەوەی وەربگیرێت لە École Normale، وە لە 29ی دیسەمبەری 1829 بڕوانامەی وەرگرت ، مامۆستاکانی ماتماتیکی ووتیان لە بارەیەوە  : ئەم خوێندکارە ھەندێجار نامۆیە لە دەربڕینی بیرکردنەوەکانی ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش زیرەک و بەھرەدارە و ڕۆحی گەڕان و توێژینەوەی ھەیە .سەرەڕای ئەوەی چەندین جار یاداشتنامەی پێشکەشکرد لەبارەی بیردۆزی ھاوکێشەی ڕادەداروە ، بەڵام بڵاونەکرایەوە تا لە ژیاندابوو بەھۆی چەندین ھۆکارەوە. لەدوای یەکەم ھەوڵدانی کە ڕەتکرایەوە لەلایەن ئۆکستینەوە ، لە فێبریوه‌ری 1830 دا جارێکی دی ھەوڵیدا ، دوو پەڕە توێژینەوەکەی دا بە ( جۆزێف فۆریەر)ی وەزیری ئەکادیمیای زانست تاوەکو بپاڵێورێت بۆ خەڵاتی گەورەی ئەکادیمیاکە ، بەڵام جێی داخبوو ، ھەر لەوماوەیە دا ، فۆریەر مرد و دوو پەڕە توێژینەوەکەی ( ئێڤارێست) یش دیارنەما و خەڵاتی ئەو ساڵەش بەخشرا بە دوو کەسی دی. سەرەڕای وونبوونی یاداشتنامەکانی، ھەر لەو ساڵەدا سێ پەڕەی توێژینەوەی دی بڵاوکردەوە ، یەکێک لەو پەڕانەش بنەماکانی بیردۆزی گالۆس بوو.

لە 29ی مایۆی 1832 دا ، لەپێناوی بەرگریکردن لە ناموسی ئافرەتێک وادەی زۆرانبازییەکی دانا لەگەڵ ئەفسەرێک ، ئەو شەوە ھەستیکردبوو کە سبەینێ مردنی نزیکە ، بۆیە ئەو شەوە نامەیەکی نوسی بۆ ھاوڕێکەی ئۆگەست شوفالی ، ئەو نامەیەیی وەک وەسێتێک وابوو بۆ کارە ماتماتیکیەکانی ، داوای لە ھاوڕێکەی کرد تا دەستکەوتە ماتماتیکیەکانی بۆ بڵاوبکاتەوە لە گۆڤارێکدا ، بۆ ڕۆژی دواتر مرد بەھۆی سەختی برینەکەی لەکاتێکا تەمەنی تەنھا 20 ساڵ بوو.



وە ھەندێک بۆچوون ھەبوو دەیانگووت پۆلیس بەنھێنی دەستی لە کوشتنیدا ھەبوو لە یاریەکەدا. زۆربەی کارەکانی بە ناڕوونی مانەوە چونکە ئەو شەوی وەسێت نوسینەکە کاتی پێویستی نەبوو تا ھەمووی ڕوون بکاتەوە. کۆتا ووتەکانیش بۆ براکەی نوسیبوو :

 “ Ne pleure pas, Alfred ! J'ai besoin de tout mon courage pour mourir à vingt ans”

واتا : مەگری ئەلفرێد ! پێویستم بە ئازایەتیەکی تەواوە تا بمرم لەکاتێکا تەمەنم بیست ساڵە.

  • Blogger Comments
  • Facebook Comments

0 التعليقات:

إرسال تعليق

Item Reviewed: ئه‌و زانایه‌یی كه‌ نه‌ژیا ' ئيڤارێست گالۆس ' Rating: 5 Reviewed By: Unknown