جیهان

کابالاو ئۆکەلتیزم

ناوداران

يتم التشغيل بواسطة Blogger.
الأربعاء، 7 سبتمبر 2016

بدیع الزمان سەعیدی نورسی

شێخ سعید نورسی ناسراو بە " بەدیع زەمان " لە ساڵی " 1294 ی ھیجری بەرامبەر 1877 ی زاینی " لە گوندی نەورەسی سەر بە شارۆچکەی ئیسپات لە قەزای ھیزان لە شاری بەدلیس لە باکوری کوردستان ھاتووەتە ژیان، باوکی ناوی " میرزا کوڕی عەلی کوڕی خەزەر لە خێڵی ئەسپاریت " کەسێکی سۆفی بووە . باوکی ھەمیشە نانی حەڵاڵی دەرخواردی مناڵەکانی داوە ، ھەروەھا یەکێک لە سیفەتەکانی باوکی ئەوە بووە دەمی ئاژەڵەکانی بەستووە لە کاتی ھاتو چۆ بۆ ئەوەی لە دانەوێڵەو گژوگیای زەوی خڵکی تر نەخوات . دایکی ناوی " نوریەی کچی مەلا تاھیر بووە ، خەڵکی گوندی بلکان بون لە خێڵی خاکیف ، خێڵێک بون لە ھەکاری دانیشتون " کاتێک پرسیاریان کرد لێی تۆ چۆن منداڵەکانت پەروەردە کردووە وا ئاوەھا کەسێکیان لێ دەرچووە ئەویش لە وەڵامدا وتی " ھەرگیز نوێژە فەرزەکانم پشت گوێ نەخستووە و لە کاتی خۆیدا ئەمجامم داوە تەنھا لە کاتی عوزری شەرعیدا نەبوبێ وە ھەمیشە پێش شیردان بە مناڵەکانم دەست نوێژم گرتووە . سەعیدی نورسی چوارەم منداڵی خێزانەکەیان بووه‌ ( دوررییە خانم – عبداللە - محمد – سعید – عبدالمجید – مرجان خانم ).

گەورە بون و ژیانی زانستیانەی :

ژیانی سەعیدی نوورسی داستانێکی پڕ لە ڕوداو ڕاستی و گەورەییە ، تەمەنی بۆ خزمەتی ئاینه‌كه‌ی و قورئان و خزمەتی گەل و وڵات تەرخان کردووە ، لە دایک بونی ئەم کەسە ژیانەوە بو ھەڵسانەوە بو دەرخستنی زانیاری ئیعجازی زیاتر بو بۆ گەلانی موسوڵمان و کورد بە تایبەتی . ئەم کەڵە زانایە یەکەم کەس بووە ھەوڵی دروست کردنی زانکۆی کوردی و دانانی خوێندنگەی کوردی لە شارە کوردیەکانی باکوری کوردستان داوە ھەروەھا لە پاڵ خوێندنی زانستی قورئان و حەدیس ھەوڵی داوە زانستەکانی سەردەمیش بخوێنرێت تا شان بەشانی گەلانی دنیا کوردیش بەرەو پێش بچێت ، یەکێک لە ھۆکارەکانی ھەوڵ و تێکۆشانەکانی بۆ سەرخستنی ئاینه‌كه‌ی لە ناو گەلەکەیدا ئەوەیە کە لە ساڵی 1897ز دا مامۆستا سەعید ھەواڵێکی لە ڕۆژنامە ناوخۆییەکاندا خوێندەوە کە بریتی بوو لەوەی کە " گلادستۆن "ی وەزیری موستەعمەراتی بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەیدا نوسخەیەکی "قورئان"ی بە دەستەوە گرتووە و بە ئەندامانی پەرلەمانی وتووە: ( ھەتا ئەم قورئانە لە ناو موسوڵماناندا بمێنێت ئێمە ناتوانین حوکمڕانیان بکەین ، کەواتە چار تەنھا ئەوەیە کە قورئان لەسەر زەویدا نەھێڵین ، یاخود پەیوەندی موسوڵمانەکانی پێوە ببچڕین )  ئەم ھەواڵە تەزووی بە جەستەی " بدیع زەمان "دا ھێنا و حەوانەوە و سرەوتی لێ بڕی و بۆ ھەموو کەسانی دەوروبەی خۆی بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە : ( دەبێ بە بەڵگە بۆ ھەموو جیھان بچەسپێنم و پێیان بسەلمێنم کە قورئان خۆرێکی مەعنەویە تیشکی ئەو خۆرە ھەرگیز کز نابێت و ڕووناکیەکەشی بە ھیچ کەسێک ناکوژێتەوە.



بەشی یەکەمی ژیانی :

سەرەتای ژیان و خوێندنی مامۆستا سەعید بە ھەوڵو تێکۆشانی خۆی توانیویەتی شارەزای باش پەیدا بکات لە زانستەکان ( کیمیا و فیزیا و زیندەزانی و جیۆلۆجی و بیرکاری و گەردونناسی و جوگرافیا و ...ھتد ) . یەکەم جار کە دەستی کرد بە خوێندن لەلای عبداللە ی برا گەورەی دەستی پێکرد ، دواتر لە تەمەنی 9 ساڵیدا ڕۆشتە گوندی " تاغ " لە قوتابخانەکەی مەلا محمد ئەمین دەستی کرد بە خوێندن بۆ ماوەی ساڵێک پاشان گەڕایەوە گوندەکەی خۆیان لای برا گەورەکەی دەستی کردەوە بە خوێندن ، لە ماوەی 5 ساڵدا قوتابخانەکانی ( مەلا محمد ئەمین و میر سەعید و مەلا محمد ئەفەنی " دەرس دەخوێنێ ، وە لەو ماوەیەدا قورئانی پیرۆز خەتم دەکات . دواتر دەچێتە قوتابخانەی " شێخ محمد جەلالی " بۆ ماوەی سێ مانگ دەرس دەخوێنێ ، لەم قوتابخانەیەدا ڕۆژانە زیاد لە 3 کاتژمێر کتێبی دەخوێندەوە وە دەیتوانی لەگەڵ خوێندنەوەیدا لەبەریشی بکات بۆیە بە ڕادەیەکی زۆر شارەزا بوبو ھەمیشە لە گفتو گۆو مناقەشەدا بوو لەگەڵ مامۆستایان و ئەوانیش زۆر یارمەتیان دەدا بۆیە خوێندکارەکانی تر زۆر ڕقیان لێ دەبێت . پاشان دەچێتەوە گوندەکەی خۆیان بۆ بەڕێ کردنی زستان . لە شەوێکدا (( لە خەویا دەبینێت " کە قیامەت ڕوویداوە و ھەموو خەڵکی بەسەر پردی "صرات" دا دەپەڕێنەوە ، ئەویش دەڕواتە سەر پردی صیرات و ڕادەوەستێت تا دانە دانە ھەموو پێغەمبەران دەبینێت وە لە کۆتایدا پێغەمەری ئیسلام " محمد " دەبینێت ئەمیش داوای زانستی قورئانی لێ کردووە ، حەزرەتیش لەو خەوەدا مژدەی داوەتێ کە : (سیوهب لک علم القرآن ما لم تسأل شیئا من الامة ) واتە زانستی قورئانت پێ دەبەخشرێت بە مەرجێک "پرسیاری"ی ھیچ شتێک لە نەتەوەکەم نەکەیت. ئەویش تا لە ژیاندا ما پرسیاری لە کەس نەکرد ، نە بە واتای "پرسیار" و نە بە واتای "سواڵکردن" تەنانەت لە موحتاجترینی کاتەکانی تەمەنیدا دیاری و خێر و زەکاتیشی لە خەڵکی وەرنەگرتووە .

وە بەھۆی ئەم خەوەوە داوای درێژە پێدانی خوێندن لە باوکی دەکات و لەسەر ئیزنی باوکی دەچێت بۆ قوتابخانەی " میر حەسەن وەلی" .بەھۆی ئەوەی سەعید نوورسی لە بابەتە ھەرە ئاڵۆزەکان تێدەگەیشت و بە ماوەیەکی کەم کتێبی لەبەر دەکرد و بابەتە زانستیەکانی بە قوڵی دەزانی ، بووە ھۆی سەرسامی "مەلا فتح اللە ئەفەندی" و بەو ھۆیەوە نازناوی (بدیع الزمان)ی پێ دەبەخشێت . دوای ماوەک دێت بۆ شاری بەدلیس و کەسایەتی دەگۆڕێت و وە ھەروەھا دەبێتە جێی سەرنجی "عمر پاشا"ی والی بەدلیس و ژوورێکی دەداتێ بۆ بەردەوام بوونی لە خوێندن بە پێی ئەو زانیاریانەی کە لە "پەیامەکانی نوور"ەوە وەرگیراوە "سەعید نوورسی" بۆ ماوەی دوو ساڵ لێرە درێژە بە خوێندنەکانی دەدات . پاشان لەلایەن والی شاری وانەوە دەعوەت دەکرێت لە ئەویش دەچێت و لە وانیش بۆ ماوەی دە ساڵ لەو ژوورەی کە والی وان بۆی دابین کردبوو درێژەی بە خوێندنە زانستیەکانی دەدات. لە دوای ماوەیەک کە "حەسەن پاشا"ی والی وان دەستی لە کار کێشایەوە ، "تاھیر پاشا" بوو بە والی تازەی وان و پەیوەندی لەگەڵ "سەعید نوورسی" دا زۆر باش بوو ، وە لەو ژوورەی کە دەرسی تیایدا دەخوێند بەردەوام بوو . وە ھەروەھا قوتابخانەیەکیشی ھەبوو کە دەرسی بە تەلەبەکانی دەخوێند. لەو ماوەیەدا سەعیدی نورسی ناوبانگی زۆر بڵاو بویەوە بە کوردستان و تورکیا و وڵاتانی ناوجەکەدا . سەعید نوورسی بۆ خوێندنی زانستە گشتیەکانو زانستی ئیسلامی ، دەمێک بوو بیری لە دروست کردنی زانکۆیەک کردبوەوە و بۆ گەیاندنی داواکەی بە حکومەت لە ساڵی 1907 چوو بۆ ئەستەمبوڵ . وەک برایەتی کردنێک لەگەڵ "زانکۆی اڵازھر" لە میسر ناوی "مدرسە زھراء"ی لەم زانکۆیە نابوو. مەبەستی "سەعید نوورسی" لە دروستکردنی ئەم زانکۆیە خوێندنی "زانستە گشتیەکان" و "زانستی ئیسلامی" بوو. وە بە ھەرسێ زمانەکانی کوردی و عەرەبی و تورکی لەم زانکۆیەدا بخوێنرێت. کە ھات بۆ ئەستەمبوڵ یەکەم جار چوو بۆ ماڵی "فەریق ئەحمەد پاشا". دوای ئەوە داوای لە حکومەت کرد کە دەیەوێت لە ڕۆژھەلاتی ئەستەمبوڵ زانکۆیەک دروست بکات بەڵام حکومەت وەڵامی نەبوو. پاشان دوای دوو مانگ مانەوە لە ئەستەمبول چوو بۆ مزگەوتی "فاتیح" و لەوێ لە خانەی "شەکەرجی" مایەوە. وە شتێکی سەیر لێرە ڕوویدا کە بووە ھۆی سەرنج ڕاکێشانی ھەموو زاناکان ئەویش ئەوە بوو کە لەسەر دەرگای ژوورەکەی نووسیبووی " لێرە وەڵامی ھەموو پرسیارێک دەست دەکەوێت و ھەموو دەردێک چارەسەر دەکرێت بەڵام پرسیار لە کەس ناکرێت . پاش ماوەیەک ڕەزامەندی دەربرا لەسەر دروست کردنی بەڵام بەھۆی جەنگی یەکەمی جیھان کارەکە وەستاو تەواو نەکرا .

لە ساڵی 1909 بە تۆمەتی سور بون لەسەر بیرو بۆچونی خۆی دەگیرێت لەلایەن دەسەڵات دارانەوە بەڵام زۆر مەردانە وەستایەوە بەرامبەر دادوەری سەربازی " خۆرشید پاشا " کە وتی بە نەورەسی تۆش داوای جێ بەجێ کردنی شەریعەت دەدەی ؟ ئەی کێ ئەوانە سزا بدات " مەبەستی ئەو 10 کەسە بوو کە لەگەڵ نەورەسی گیرا بون و حوکمی زیندانیان بۆ دەرچوبو " . سەعیدی نەورەسیش لە وەڵامدا وتی ئەگەر ھەزار ڕۆحم ھەبێت دانە دانەی لە پێناو یەک راست لە ڕاستیەکانی ئاینه‌كه‌م دەبەخشم ...ھتد قسەی کرد، وە لە ھەمان دانیشتنی دادگادا نەورەسی بە بێ تاوان دەرچوو ئازاد کرا .  لە ساڵی 1910 ڕۆشتەوە شاری وان بۆ خزمەت کردن بە خەڵکانی ئەو شارەو گەیاندنی زانیاری دینو زانستی پێیان ، لە ساڵی 1911 سەردانی سوریای کردو چاوی بە گەورە پیاوان و زانایانی ئەو شارە کەوت وە شەرەفی پێشکەشکردنی وتارێکیان پێ دا کە ناسراوە بە " وتاری شام " لەم وتارەیدا ئاماژەی بە دەردەکانی ناو گەلانی ئیسلام کرد وە باسی چارەسەرەکەشی کرد .لە ساڵی 1912 لە کاتی جەنگی جیھانی یه‌كه‌م کاتێک ڕوسەکان ھێرشیان دەست پێ کرد نەورەسی لەگەڵ قوتابیەکانی چوبونە بەرەکانی جەنگ بۆ پارێزگاری کردن دەورێکی زۆر باڵای بینی لە شەڕەکەدا کاتێک ڕوسەکان ھێرشیان کردە سەر بەدلیس بەرگریەکی زۆری کرد بەڵام بریندار دەکرێت و خێنێکی زۆری لەبەر دەچێت تا لە ھۆش خۆی دەچێت بەو شێوەیە دەکەوێتە دەست ڕوسەکان و ماوەی دوو ساڵ و چوار مانگ ئەسیر دەبێت لەلایان ، یەکیک لە ڕوداوەکانی لە کاتی ئەسیریا : لە کاتی زیندانیا سەرکردەی گشتی سەربازانی ڕوسیا وە خاڵی قەیسەری ڕوسیا (نیکۆلا نیکۆلاڤیج ) سەردانی زیندانیەکان دەکات بۆیە زیندانیەکانێش وەک ڕێز ھەڵدەستنە سەر پێ دەبینێ تەنھا کەسێک ھەڵ نەستاوە سەرپێ دەڕواتە پێشەوەو پێی دەڵێت تۆ دەزانی من کێم ؟..... نەورەسیش دەڵێت با دەزانیم تۆ کێێت نیکۆلا نیکۆلاڤیجیت ......ئەویش دەڵێت باشە بۆ ھەڵ نەستاوی لەبەرم ؟.....نەورەسی دەڵێت نەخێر من ھەڵ ناستم چونکە ئاینه‌كه‌م وام پێ دەڵێت ......ئەویش دەڵێت ئاینه‌كه‌ت چی دەڵێ ؟.... نورسیش وتی من زانایەکی دیندارم لە دڵمدا ئیمان و عەقیدەم ھەڵ گرتووە بۆیە من باشترم لە کەسێک کە ئاینی نیە ئەوەی کە کەمێکیش ڕێزت دەگرم لەبەر ئاینه‌كه‌مه‌ .....ئەویش وتی بە ناوی ئاینه‌كه‌ته‌وه‌ ئیھانەی من و ھەمو سەربازان و قەیسەری گەورەشت کرد بۆیە دەبێت ئێستا دادگای بکرێیت.

لە دادگاییەکەدا ھەمو سەرکردەکانی جەیش بە تەما بون نەورەسی داوای لێ بوردن بکات بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە وتی من حەز دەکەم بڕۆم بۆ ئەو دنیا بۆ لای پێغەمەبەره‌كه‌م بۆیە تەنھا ئیجازەی ڕۆشتنم دەوێت " پاساپۆرت " بۆ ئەوەی بڕۆم . لە کۆتاییا حوکمی له‌ سێداره‌دانی بۆ دەرچوو لە ڕۆژی له‌ سێداره‌داندا پێش ئەوەی بڕوات ووتی : بە ئەفسەرەکە چەند خولەکێکم بەرێ تا دوو ڕکات نوێژی کۆتای بکەم کاتێک نیکۆلا ئەمەی بینی کە تەواو بوو لە نوێژ داوای لێبوردنی لە نەورەسی کرد وتی ئێستا بۆم دەرکەوت تۆ ئیمانەکەت ڕاستە و لەبەر ئەوە لەبەر من ھەڵ نەستاوی. پاش ئەوە لە ڕێی وارشۆ، ئەڵمانیا، ڤیێناوە ڕزگاری دەبێت دەگەڕێتەوە بۆ وڵات حکومەت چەند پۆست ئەخاتە بەردەمی بەڵام ئەو ڕەتی دەکاتەوە. ساڵی 1919 ھەست دەکات بە تەواوی ئیسلام لە وڵاتدا بەربەستی بۆ دادەنێن بۆیە دەست دەکات بە بەرەگار بونەوەی دەسەڵات داران بە نوسینی چەند کتێب ، دوای نوسینی کتێبی " الخطوات ست " جمو جۆڵ دەخاتە ناو خەڵکی دادوەر سزای ئیعدامی بۆ دەردەکات ، لەم سزایەش ڕزگاری دەبێت ، لە ساڵی 1922 ئەتاتورک ویستی دوری بخاتەوە چونکە نوور‌سی بەیانێکی بڵاو کردبویەوە لەبەر ئەوەی بەر پرسەکان نوێژیان نەدەکرد دوای بینینی ئەو بەیانەی نەورەسی زۆربەیان دەستیان کردەوە بە خوا پەرستی . لە دوای ئەوەشەوە ئاینی ئیسلام قەدەغە کرا لە تورکیادا .

بەشی دووەمی ژیانی :

لە ساڵی 1923 دا ڕۆشتە وان لەوێ دەستی کرد بە عیبادەت کردن دوور لە ھەمو شتێک ، لە ساڵی 1925 کاتێک شێخ سەعیدی پیران دەستی کرد بە شۆڕش داوای لێ کرد کە بەشدار بێت بەڵام نوورسی وتی ناتوانم بەشدار بم لە کوشتنی موسولمانان .لەو کاتانەدا چەندین جار دور خراوەتەوە بۆ بۆ ناوچەی جیا جیا یەکێک لەوانە بارلا بوو کە وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکا خۆشترین کاتی ژیانی بووە لەو کاتەدا دەستی کرد بە ورد بونەوە لە مانای قورئان ، بۆ ماوەی ھەشت ساڵ لەم شوێنە ژیاوەو زۆرترین بەشی زنجیرەی پەیامەکانی نوری نوسیوە ئەم زنجیرەیە بەھێزترین کتێبێکن بۆ ژیاندنەوەی ئیسلام بۆ سەرخستنی بۆ چارەی ھه‌موو دەردێک شوێنێکە بۆ وەڵامدانەوەی ھەمو پرسیارەکان ، پێک ھاتبوو لە شیکاری و وەرگێڕآنێکی خەست و خۆڵ بۆ قورئان ، بە ئینسایکلۆپیدایەکی ئیمانی بایەخدار دادەنرێن و بە دەم خواستە ئیمانیەکانی خەڵکی سەردەمەوە دەڕۆن و ئیمانی تەحقیقی لە دڵ و دەروون و بیر و ژیری مرۆڤی ھاوچەرخدا دادەمەزرێنن و بینای بێ دینی لە بنج و بێخدا ھەڵدەتەکێنن و ، قەڵای مەحکەمن و بۆ ئیمانداران و گرنگترین و چەکی پێشکەوتووی "ئیمان"ن لەم سەردەمەدا. بەجۆرێک ئەم کتێبانەی بەھێز بون لە کاتی سەردان کردنی خەڵکی بۆ لای دەی وت خوێندنەوەی یەکێک لە نامەکانی پەیامی نور دەیان قات لە بینینی من باشترە.



ئەم کتێبانە بە زمانی تورکی و پیتی عەرەبی دەینوسی پاش ئەوەی پیتی عەرەبی قەدەغە کرا لەلایەن چەندین کەسی دڵسۆزەوە وەردەگێڕان بۆ پیتی لاتینی تەنانەت ئافرەتیش بەشدار بووە لەو کارەدا ، بەڵام نەورەسی ھەر لەسەر پیتی عەربی دەڕۆشت . لەم ماوەدا دروشمی (أعوذ بالله من الشيطان والسياسة ) ھەڵگرتبوو ، پێچەوانەی پێشتری کە بە سیاسەت کاری دەکرد بۆ پێش خستنی گەل و دین بەڵام دواتر ڕێگەی ڕۆشنبیری گرتە بەر. تا ساڵی 1950 چەندەھا جار دور دەخرێتەوەو دەگیرێت لە چەندین ناوچە و سجنی جیاواز ، نوورسی بەردوام دەبێت لە نوسینی پەیامەکانی نور تا گەیشتە 130 پەیام بەڵام ھیچیان چاپ نەکرا تا ئەوەی ساڵی 1950 کە پارتی دیموکرات ھاتە سەر دەسلات تا ڕادەیەک کتێبەکانی ئاسای بویەوەو توانی لە ساڵی 1954 یەکەم چاپی پەیامەکانی بە حزوری خۆی بکرێت. لەسەر ژیانی مامۆستا دەیان کۆڕو سیمنار و لێکۆڵینەوە کراوە لە ووڵاتانی جیھان وەکو ( میصر و مەغریب و جەزائیر و مالیزیا و ئوسترالیا و ئەردەن و ئه‌ندەلوسیا و یەمەن و ئەڵمانیاو ....ھتد ) لەگەڵ چەندین کۆڕی جیھانی .



 ھەروەھا لەسەر کتێبەکانیشی ھەمان شت کراوە و بۆ زیاتر لە بیست زمان وەرگێڕدراوە وەک ( ئەڵمانی و ئیتاڵی و چیلی و ئیسپانی ....ھتد ) لەگەڵ سەدان ڕاپۆرت و ماستەر و دکتۆرا لەسەریان بەدەست ھێنراوە .ئەم کەڵە پیاوە زۆر بەناو بانگ بوو لە جیھاندا بەڵام لای خۆمان نەناسراوە ژیانی بە تەواوی نازانین. لە ساڵی 1911 لە کتێبی مونازەرات وتبووی " مردن ڕۆژی نەورۆزی ئێمەیە " ئەوە بوو لە 23/3/1960 لە شاری ئورفا کۆچی دوای کرد کە دوو ڕۆژ دوای یەکی نەورۆز دەکات. وە لە گۆڕستانی " خلیل الرحمن " نێژررا .. بەڵام لە 12/7/1960 لەلایەن حکومەتەوە تەرمەکەی گوزرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار تا ئێستاش نەدۆزراوەتەوە.

  • تعليقات بلوجر
  • تعليقات فيس بوك

1 التعليقات:

  1. TINI's TINI's TINI TINI | TiG - TiG
    TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. titanium dioxide TiG. TiG. titanium rod TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. microtouch titanium trim walmart TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. microtouch titanium trim as seen on tv TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. titanium dioxide formula TiG. TiG. TiG. TiG. TiG. TiG.

    ردحذف

Item Reviewed: بدیع الزمان سەعیدی نورسی Rating: 5 Reviewed By: Unknown